top of page
Search

لەدەستدانی بیستنی کتوپڕ و گرنگی زوو چارەسەرکردن

  • Writer: Goran Latif
    Goran Latif
  • Nov 30
  • 1 min read

لەدەستدانی بیستنی کتوپڕ یەکێکە لە نەخۆشییە لە ناکاوەکانی کە پێویستی بە چارەسەری فریاکاری هەیە و بەبێ هیچ هۆشدارییەک ڕوودەدات. پێناسەی ئەم نەخۆشییە کەمبوونەوەیەکی خێرای بیستنە بە ٣٠ دێسیبێڵ یان زیاتر لەسێ لەرەی دەنگی یەک بەدوای یەک لە ماوەی ٣ ڕۆژ یان کەمتردا. زۆربەی چارەخوازان لەگەڵ کەمبوونەوەی بیستن توشی زرنگانەوەی گوێ دەبن، کە هەندێک کات بە ئەندازەی کەمی بیستنەکە نەخۆش هەراسان دەکات.

لە دونیای پزیشکیدا چارەسەری ئەم نەخۆشییە بە دەرمانێک دەکرێت بە ناوی ستیرۆید و بەشێوەیەکی نەریتی، بە حەب دەدرێت بە نەخۆش، بەڵام ئەم جۆرە حەبە چەندین مەترسی هەیە، بەتایبەتی لەو چارەخوازانەی کە نەخۆشی بەرزەپەستانی خوێن یاخود شەکرەیان هەیە. لەم چەند ساڵی پێشوودا بەشێوازێکی نوێ ئەم نەخۆشییە چارەسەر دەکرێت و تێیدا ئەو دەرمانە بە دەرزی دەخرێتە ناو گوێی ناوەڕاست، لە ئەنجامدا دەرمانەکە ئەو مەترسیانەی بۆ جەستەی چارەخواز نابێت.

بۆ زیاتر تێگەیشتن لە سوودەکانی ئەم چارەسەرە نوێیە، گروپی یورەیژیا لە توێژینەوەیەکدا ئەم چارەسەرەیان بۆ ٤٨ چارەخواز کرد کە لەدەستدانی بیستنی کتوپڕیان هەبوو، هەموویان بۆ ٦ ڕۆژی یەک بە دوای یەک ئەم دەرزیەیان بۆ کرا.

زۆربەی چارەخوازان درەنگ سەردانی پزیشکییان کردبوو، ٢ هەفتە یان زیاتر دوای دەرکەوتنی نیشانەکان، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە زۆربەیان  سوودیان لە چارەسەرەکە بینی. بەپێی پێوانە پزیشکییە جیهانییەکان، لە ٣ کەسدا یەکیان بەتەواوی بیستنیان بۆ گەڕایەوە وەک پێش نەخۆشییەکە، نیوەیان سوودێکی باشیان لە چارەسەرەکە بینیوە و تەنها لە سەدا ٨یان سوودیان نەبینیوە.

چەند ئەنجامێکی گرنگ لە توێژینەوەکەدا ئەوەبوو کە نەخۆشییەکە بەشێوازێکی باشتر لەو کەسانەدا چەرەسەر دەکرێت کە زووتر سەردانی پزیشکی پسپۆڕ دەکەن، یان کە گەنجترن. توێژینەوەکە لە گۆڤاری ئوستوڕالی بۆ نەخۆشییەکانی قورگ و لووت و گوێ بڵاوبۆیەوەو بووەتە سەرچاوەیەکی زانیاری گرنگ بۆ پزیشکان لە چارەسەرکردنی لەدەستدانی بیستنی کتوپڕ.


بۆ بینینی توێژینەوەکە دەتوانن کلیک لێرە بکەن.


ree

 
 
 

Comments


bottom of page