top of page
Search

توێژینەوەیەکی نوێ لەسەر نەشتەرگەری جیوبی پێشەوەی سەر

Aug 17
2 min read

نەشتەرگەری جیوبی بەشی پێشەوەی سەر (فرۆنتاڵ ساینەس) یەکێکە لە بەشە ئاستەمەکانی نەشتەرگەری جیوبەکان بە ناوبین. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە لەلایەنی توێکارییەوە، فراوانی و تەسکی ئەو بەشەی بەرەو ئەم جیوبانە دەڕوات لە بەشی سەرەوەی ناو لووت جیاوازییەکی زۆری هەیە لەنێوان چارەخوازاندا و لەچەندین ناوچەی گرنگ نزیکە، وەک چاو و ژێر کاسەی سەر. 

سی تی سکان یەکێکە لە باشترین ئامرازەکان بۆ ژیاکردنەوەی توێکارییە جیاوازەکان پێش نەشتەرگەری. زۆر خاڵبەندی پزیشکی هەن کە هاوکاری پزیشکی نەشتەرگەر دەکەن بۆ ناسینەوەی بەشە گرنگەکانی ژێر کاسەی سەر، بەڵام هیچ کام لەم خاڵبەندیانە باس لەجیاوازی لە هەنگاوەکانی نەشتەرگەری ناکەن بەپێی توێکاری چارەخواز

لە توێژینەوەیەکی نوێدا، د. گۆران خاڵبەندییەکی تازەی دروستکردووە بەبەکارهێنانی سی تی سکان و بەپێی قەبارەی دوو بەشی گرنگی جیوبی بەشی پێشەوەی سەر، ئەوانیش:

  • ئێسکی جیاکەرەوەی کەلێنی لووت و جیوبەکان (فرۆنتاڵ بیک)

  • جۆگەلەی جیوبەکە 

توێژینەوەکە لە دوو بەش پێک هاتبوو

  • لە بەشی یەکەمدا سی تی سکانی ١٣٨٣ چارەخواز لێکۆڵرانەوە و پەیوەندی نێوان بەشە جیاوازەکانی ئەم جیوبە تەماشا کران و پێوران. لە دوایدا ئەم پێوانانە بەکارهێنران بۆ دروستکردنی خاڵبەندییەک بۆ قەبارەی ئەو دوو بەشە گرنگەی جیوبی بەشی پێشەوەی سەر کە باسکران. 

  • لە بەشی دووەمدا، ئەم خاڵبەندییە بەکارهێنرا بۆ دانانی هەنگاوی تایبەت و ئامراز و ئامێری تایبەتی نەشتەرگەری بۆ هەر پۆلێنێک. بەمەش پزیشکی نەشتەرگەر تەنها بەپێی سیتی سکانی پێش نەشتەرگەری دەتوانێت ئاڵۆزی نەشتەرگەرییەکە لێکبداتەوە و پلانی تەواو بۆ نەشتەرگەرییەکە دابنێت. 


توێژینەوەکە لە گۆڤاری سویسری نێودەوڵەتی (سێرجەریس) بڵاوکرایەوە، کە ئیمپاکت فاکتەرەکەی ١.٥ە و سایت سکۆری ١.٨، و شایەنی باسە کە لە توێژینەوەکەدا چەندین نەشتەرگەری بەناوبانگی جیهانی لە بوارەکەدا بەشدار بوون و لەگەڵ د. گۆراندا نووسەر بوون، وەک پ. د. ڕۆی کاسیانۆ (لە فلۆڕیدای ویلاتە یەکگرتووەکان) و  پ. د. پاولۆ کاستێلنووۆڤۆ، پ. د. ماریۆ توڕی زانۆنی و د. یاکۆپۆ داڵان (لە سەنتەرە جیاوازەکانی ئیتاڵیاوە) و چەندینی تر.



 
 
 

Comments


bottom of page