تەکنیکێکی تازە لە نەشتەرگەری جوانکاری و ڕێککاری لووتدا
- Goran Latif
- May 31
- 1 min read
نەشتەرگەری ڕێککاری و جوانکاری لووت یەکێکە لە ئاڵۆزترین نەشتەرگەرییە جوانکارییەکان، وە یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکانی ئەم نەشتەرگەرییە دەستکاریکردنی بەشی پێشەوەی لووتە (سەری لووت).
لەڕووی توێکارییەوە، شێوازی ئەم بەشەی لووت لەلایەن ٢ کڕکڕاگەوە پێک دەهێنرێت کە ناویان کڕکڕاگە لاتەنیشتەکانە، هەریەک لەم کڕکڕاگانە لە سێ بەش پێک دێن: بەشی لاتەنیشت و بەشی ناوەندی و بەشی ناوەڕاست.
زۆربەری تەکنیکە جیهانییەکان لە دەستکاریکردنی سەری لووت تیشک دەخەنە سەر بەشی ناوەندی یان بەشی لاتەنیشتی ئەم کڕکڕاگانە، بەشی ناوەڕاست بەپێی پێویست گرنگی پێنەدراوە، وێڕای ڕۆڵێکی گرنگ لە کۆنتور و شێوازی سەری لووت.
یەکێک لە تەکنیکە بەناوبانگەکان لە جیهاندا تەکنیکی (تەکنیکی بڕینی ستونی)ە کە لەلایەن نەشتەرگەری جوانکاری لووتی بەناوبانگی تورکی و نێودەوڵەتی د. سورەییا شێنێلدیرەوە داهێنراوە، بەڵام ئەم تەکنیکەش باس لە دەستکاریکردنی بەشی ناوەڕاستی کڕکڕاگەکان ناکات، لەبەر ئەمەش، د. گۆران تەکنیکێکی تازەی لە نەشتەرگەری جوانکاری و ڕێککاری لووت داهێناوە، بەناوی (Intermediate Alar Resection)، یاخود (یار، بەکورتی) کە جگە لەوەی کڕکڕاگەی بەشی ناوەڕاست لەخۆدەگرێت، کڕکڕاگەکانی دیکەش دەگرێتەوە و بەپێی ئەمەش تەکنیکە کۆنەکان کۆدەکاتەوە.
د. گۆران توێژینەوەیەکی لەسەر ئەم تەکنیکە نوێیە بڵاوکردۆتەوە، وە یەکێک لە بایەخدارترین بەشی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە د. سورەییا شێنێلدیر خۆی بەشدار بووە لە توێژینەوەکەدا و ناوی لەلیستی نوسەراندا هەیە، واتا د. سورەییا ئەم تەکنیکەی هەڵهێنجاندووە و بە پەسەندی داناوە
لە توێژینەوەکەدا، تەکنیکەکە بۆ ٥٢ نەخۆش ئەنجامدراوە و دوای ساڵێک لە نەشتەرگەری، گۆشەکانی دەموچاو و لووت پەرەپێدانێکی گرنگی بەخۆیەوە بینیوە و لە %١٢ پانی سەری لووت کەمی کردوەتەوە، وە چارەخوازان خۆیان لە پرسیارنامەیەکی ٢٤ کۆلکەییدا، بە تێکڕایی ٢٢ لە ٢٤یان بە تەکنیکەکە بەخشیوە، وە شایەنی باسە کە هیچ ماک و ئاڵۆزیەک لە نەشتەرگەری و دوای نەشتەرگەرییان نەبووە
توێژینەوەکە لە گۆڤاری نەشتەرگەری جوانکاری و ڕێککاری نێودەوڵەتی بڵاوکراوەتەوە، کە لەلایەن پەخشەری بەناوبانگی (Elsevier) بڵاوکراوەتەوە، گۆڤارەکە یەکەی کاریگەری، ئیمپاکت فاکتەری ١.٨ە.




Comments